بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ، ماددەی کریاتین کە وەک تەواوکەرێکی وەرزشی بۆ دروستکردنی ماسولکە بەکار دێت، لەوانەیە یارمەتیی باشترکردنی تەندروستیی دەروونی بدات.
زانایانی زانکۆی ئۆتاوای کەنەدیی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەوە کردووە ئایا کریاتین دەتوانێت بە دابینکردنی وزە بۆ مێشک، نیشانەکانی خەمۆکی کەم بکاتەوە؟ ئەنجامەکان دەریان خستووە بەکارهێنانی کریاتین لەگەڵ دەرمانی دژەخەمۆکی بۆ ژنان کاریگەر بووە، بەڵام بۆ تووشبووانی نەخۆشیی دوو جەمسەری و مێرمنداڵان سوودێکی ئەوتۆی نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەیەکی زانکۆی فلۆریدا دەری خستووە خواردنەوەی زۆری کحول پیریی مێشک و تووشبوون بە ئەلزەهایمەر خێرا دەکات. زانایان لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر مشک بۆیان دەرکەوتووە پاشماوە ژەهراوییەکانی کحول لە ئاستی خانەکاندا پێکهاتەی مێشک دەگۆڕن و دەبنە هۆی تێکچوونی دەمارەکان.
پزیشکان جەخت دەکەنەوە نیوەی حاڵەتەکانی تێکچوونی ژیری پەیوەندییان بە شێوازی ژیانەوە هەیە و کحول یەکێکە لەو هۆکارانەی مرۆڤ دەتوانێت کۆنترۆڵی بکات.

